شەو، شێعر ئیشکەنجه…

شەو بوو، نە لەو شەوانەی کە گەلاوێژ پرشنگی خۆی لەناو سەراو نیلوفەڕدا دەبینێ، نە لەو شەوانەی کە فەرهاد لە بێستوونا دەبێتە میوانی خەونی شیرین.
شەو بوو، نە لەو شەوانەی کە پەرتەوبەدوای ساقی ئەرمەنی شعرەکانیا لە سەرتەپەو سەی فاتمەوە ئاوارەی کوچە و کۆڵانەکانی کرماشان دەبێ.
نە لەو شەوانەی کە بێستوون بە دەنگی تەمبور دێتە دیلان.
لەو شەوانە بوو کە سۆزی تاری مەسقەتیمەیلی ئەوەی نەبوو کە زولفی مینای ئاوازەکانی پەڕێشان کا.
لەو شەوانە بوو کە تاق وەساندەنگی گوڵ وەنەوشەی باخانی” “لۆڕنەژادی نەدەبیست.
شەو بوو، نە مانگ بوو، نە ئەستێرە، نە ئاسمانگ، نە هەور؛ تەنیا دیوار بوو و دیوار.
شەوەزەنگ بوو و ژوورێکی تەنگ و تاریک و تەماوی، بە درگایەکی بچووکەوە کە لەلایەک بەرەو نەهاتوو و، لە لایەکەوە بەرەو ڕابردوو دەکرایەوە و ئەمن هەڵبەستێکم بۆ دیوارەکان دەخوێندەوە:
بەندییەکی شەڕانی لە من دا بوو
کە قەت لەگەڵ زڕەی زنجیرەکەی ڕانەدەهات!” [شاملو]
تەق تەق تەق، دەنگی دەرگا خەونی شەوانەی شێواندم و ڕیتم و هارمۆنی لایەلایەی نەنووسراوی دایکی شڵەژاندم.
چاوبەنەکەت ببەستە!
دەستت بێنە، کەلەبچە…! ڕێ کەوە!
لە ژووری ئینفرادی پەل کێشیان کردم بۆ دەرەوە. شارەزای ڕیگە بووم، باشتر لەو نگابانە پیرەی کە وەک دەرگای زیندان داڕزیبوو. باشتر لە سیخوڕەکانم پلەکانی ژێرزەمینی زیندانم دەناسی. دەتوت ساڵەهایە ئەم زیندانە ژیاوم.
تەنانەت دەمتوانی شوێن پێی زیندانیانی پێش خۆم ببینم. کاتی داگەڕان بە پلەکانا لە ژێر چاوبەنەوە پایانم دەژمارد: یەکدووسێچوارپەنجشەش
هاتبوون تا هێزی خۆیان بە مرۆڤێک پیشان بدەن. کاتێ لە بەرانبەریان وەستابووم، شعرێک دەیچریکاندم: “خودایا، ئەمن لە کام شوێنی ئەم زەمینە وەستاوم!”…
بە یەکەم شاخەی شەلاخ هەودای شعرم دەپچڕا و ئەوجار دەیانبەستم بە تەختەوە
چەند دەترسامنە لە ژانی قامچی و شەلاخ، بەڵکوو لەوە کە لە سەدەی ٢١دا، لە سەدەی دیالۆگ و لە سەردەمی زانیاری دا، هیشتا خەڵکانێک سەرکەوتوانە بە تاژانگ جەستەی مرۆڤێکی لاواز هەڵبرژێنن و قاقا پێبکەنن.
چەند دەلەرزیمنە بەخاتر ژانی تاژانگ و مشت و لەقە، ترسم لە ڕوخانی بەهاکانی ئینسان بوو، ئەویش لە وڵاتێکا کە یاسای ئەخلاقی بۆ هەموو جیهان دەنووسی.
چەند تۆقی بوومنە لە ژانی شۆکی کارەبا، بەڵکوو لەو پزیشکەی کە ڤیزیتی دەکردم و قەڵەمەکەی بە سەرمدا دەکوتا و دەیوت: لاڵ بە، خەفە بەئەویش لە سەردەمێکا کە سەدان ساڵ لە سوێندنامەی بوقرات تێپەریبوو.
بە دەنگی تاژانگەکەیان کە پێیان دەوت زولفەقار دەچووم بۆ سووچیکی تری ئەم جیهانە کە لەوێ خەمی مرۆڤ ئەوەیە کە مار و مۆر و ئاژەڵەکانی ئافریقا و ئوسترالیا ڕزگار بکا. لەوێ کە بیر لە ڕزگاری پەستترین ئاژەڵەکانی دنیا دەکەنەوە. بەڵام لێرەئا لێرەوایلێرە
لەگەڵ هەر زەبرێکی زولفەقار دەمێک ساڵان دەگەڕامەوە بۆ دواوە، بۆ سەردەمی قاجار، بۆ مەنارەیەک لە کەلەسەر و گوێ و چاو، بۆ سەردەمی هیتلەر، تاتار، مەغول، بەڕبەڕدیسان لێیان دەدام تا بە سەرەتای مێژوویەک دەگەیشتم کە خوێندبووم و نەمخوێندبوو، بەڵام ژان کۆتایی نەبووبێ هۆش دەکەوتم و چەند ساتێک دواتر لە ژوورەکەم دیسان لەدایک دەبوومەوە، وەک مناڵێک لنگم دەکوتا و گڕ و گاڵم دەکرد و شعرێک دەیچریکاندم:
لە دایک بوونی مناڵم دیوە
بۆیە دەزانم قیژە و لنگ کوتان
یەکەم نیشانەی لە دایک بوونە.”
[
پەشێو]
سبەی شەو دیسان زرمە لە دەرگا هەڵدەستا و دیسان
یەکیان بەخاتر باوەڕم لێی دەدام، ئەویتر بەخاتر زمانم، ئەویتر پێی وابوو کە ئاسایشی وڵاتم بەرەو مەترسی بردووە، چوارمی دەیویست بیسەلمێنێ کە دەنگم بە هیچ کوێ ناگا. پەنجمی بە رقەوە لێیدەدام کە چما لە شاری شیرین دا ئەڤینداری شیرین شێوەیەک بووگم!
ئێستا دیسان شەوە، دەمێک لەو شەوانە تێپەڕیوە، بەڵام ئێستاش هەر دەنگێ خەونی شەوانەم دەشێوێنێ و نیمەشەوان خاتوونی میدیایی خەونەکانم پێم دەڵێ:
بخەفە گوڵەکەم
نە وەختی خاوە
بخەفە ئەزیزم کە بێداری ئەزاوە“.

فەرزاد کەمانگەر، زیندانی ئڤین
وەرگێڕان لۆ کوردی: هێدین