“عەزیزەکەی لە دنیایەم!”

“عەزیزەکەی لە دنیایەم!”
ئەگەرچی لەگەڵ مامۆستا فەرزاد کەمانگەر هاوشاری و هاوتەمەن بووین، بەڵام تەنیا چەند جارێکی بەدەگمەن پێکەوە بووین و قسەمان کردووە. لە درێژەی ساڵانی 1998-2004 کە من تەعمیرکاری ڕادیۆ- تەلەڤیزیۆن بووم، دوو جار ڕادیۆ و دوو جاریش سەتەلایتم بۆ تەعمیر کردووە. لەو ساڵانەدا ئێمە بێجگە لە کاری ئەدەبی، بەنهێنی کاری سیاسیشمان دەکرد. ئێمە گرووپێکی چەپ بووین و ئەو هەوای قەندیلی هەڵمشت بوو. دوایی خۆی دەیگێڕاوە، دەیوت:
“لە قەندیل لەگەڵ هەڤاڵێک کاتێ ناوی یەکترمان زانی، کاتێ من کەمەنگەر بووم و ئەو مۆستەفا سۆڵتانی، هەر دوو پێکەنین، هەر دوو وتمان: ئاخۆ ئێمە بەهەڵە نەهاتووین بۆ ئێرە؟ بەڵام دوایی هەر خۆمان جوابی خۆمان دایەوە و وتمان: نا، دروست هاتووین!”
ئەگەر لە پرسی فکریش دا تاڕادەیەک لێک دوور بوین، بەڵام لە هەندێ پرسی ئەمنیەتی دا ئاگامان لە یەکتر بوو. کاتێ کە براکانی گیرابوون، بە پەرۆشەوە هات و منی ئاگادار کرد: ئاگادار بن ڕەفیقانی ئێوەش لەژێر چاودێری دان!
ئەو ساڵانەش لە ئێران ماهوارە/ سەتەلایت قاچاخ بوو، بۆ چارەسەری کێشەی فەنی مرۆڤ نەیدەوێرا بەهەر کەسێکی بدا، کەوایە دەیهێنایە لای من. ئاخر جار لەبیرمە لەگەڵ شۆڕشیان هات. هەر دوو پێکەوە هەندێ رەخنەیشمان لە شۆڕشیان گرت کە بۆچی ئاسۆی ونکردووە و تیری بۆ تاریکی هاویشتووە؟ لەبیرمە باسی مەرگەوەڕیش کرا. خۆ ئەوکات ئەمن قەت بیرم بۆ ئەوە نەدەچوو کە مەرگەوەڕ منی بە گرتن دابێ. بەڵام شۆڕشیان وتی: ئەلحەق و والانساف دەربارەی مەرگەوەڕ ڕاستت دەکرد، ئەو “کامبەخش” بوو!
بەڵام دەبوو زەمان تێپەڕێ و نرخی گران بدەین تا روخساری ڕاستییەکان دەرکەوێت. چەندین ساڵ دواتر، بە نرخێکی هەرە گران مەرگەوەڕمان ناسی. لەکاتێکا کە ئیتر مامۆستا نەمابوو!
کە ڕۆژهەڵاتم بەجێ هێشت و لە سلێمانی گیرسامەوە، پاش ماوەیەک خێرا لە یاهوو ئەدی کردبووم، تەنانەت ناوی “ئای دی” یەکەشی سەربزێو بوو: osean. چەند جارێک پێکەوە چەتمان کرد و هەر لە پێوەندیدا بووین تا ئەوە کە لەپڕ بیستم کە گیراوە، زۆر نیگەرانی بووم، چەندین مانگ تێپەڕی هەر هیچ خەبەرێکی لێ نەبوو. تا دوای ساڵێک لەپڕ ئاکۆ شین لە ڕۆژهەڵاتەوە هات و لە سلێمانی بوو بە میوانمان. وتی تازەیی چووگم و دایکی مامۆستا فەرزادم دیگە، فەرزاد لە زیندانەکانی تاران و سنە و کرماشان بە دڕندانەترین شێوە ئەشکەنجە کریاگە، چەندین جار بە ئاوەکوڵ جەستەیان سووتاندگە، بەڵام تا ئێستا کۆڵی نەداگە!
کە ئەمەم بیست، خێرا کردم بە ڕاپۆرتێک و ناردم بۆ سایتی رێنێسانس، ئەو سایتەش خێرا بڵاوی کردەوە و ئەوە بوو بە یەکەم هەواڵێک کە لە داوی ساڵێک ئەشکەنجە و زیندان بڵاو دەکرایەوە.
ساڵ هات و چوو. لە دادگای ڕژیم مامۆستا فەرزاد و هاوڕێکانی بە ئێعدام مەحکوم کران. شەپۆلی ناڕەزایەتی خەڵک و پارێزەرانی مافی مرۆڤ دژ بەم حوکمە وەحشیانە تا دەهات زیادی دەکرد. ڕەحمان بازیانی کە لە زیندانی سنە هاوبەندی شێرزاد و مێرداد بوو، لەگەڵ خانەوادەی کەمانگەر بناغەی دۆستایەتی داڕشتبوو. ئەمنیش هەر لە زیندانی سنە لەگەڵی ئاشنا بووبووم. ئێستا رەحمان ئازاد کرابوو و لە سلێمانی دەژیا. هەر کە بیستبووی مامۆستا بە ئێعدام حوکم دراوە، لە شاری سلێمانی و دەور و بەر نزیکەی پەنج هەزار ئیمزای دژ بەو حوکمە کۆکردبۆوە، کە تەواوی کرد، هێنای بۆ من. منیش نەمدەزانی دەبێ چی لێبکەم. تا ئەوە کە لەپڕ کەیوان پێوەندی گرت. کەیوان رەفیعی، چالاکی مافی مرۆڤ، رەنگە ئەگەر هەوڵ و تێکۆشانی کەیوان نەبوایە، بەنرخترین یادگاری مامۆستا، یانی نامەکانی زیندان بە ئێمە نەگەیشتایە. زۆربەی ئەو نامانە کەیوان تۆماری کردووە و دواتر تایپ و بڵاوی کردۆتەوە. بەکورتی کەیوان پێوەندی گرت و وتی: ئیمزاکانم بۆ سکەن بکەن و بینێرن بۆم. ئێمەش خەریکی سکەن کردنی هەزاران لاپەڕە بووین، ئەو ڕۆژانە کەیوان بەردەوام پێوەندی دەگرت، تا ئەوە کە جارێکیان وتی: فەرزاد سڵاوی گەیاندووە. ئەتۆ هیچ پەیامێکت بۆی نییە؟
منیش لەلایەک دڕدۆنگ بووم کە ئاخۆ ئەم کابرا ڕاست ئەکات یا نە؟ فەرزاد چۆن لە زیندانەوە دەتوانێ پێوەندی بگرێت؟ لەلایەکی تریش بە خۆم دەوت دەبێ چ پەیامێک بنێرم کە شایانی ئەم ساتە و شایانی فەزای زیندانی فەرزاد بێت؟ تا ئەوە کە ئاخری دوو هەڵبەستم هەڵبژارد: یەکەم تەرجمەی “ئا لێرەدا چوار زیندانە” لە شاملو. دووهەم شعری زیندانی تاناتووس کە لە زیندانی سنە نووسیبووم. هەر دووم نارد بۆ کەیوان و لە پەراوێزیش دا نووسیبووم، تکایە ئەگەر ئەم پەیامەت پێ گەیی بەجۆرێک، بە هێمایەک، من ئاگادار بکە کە پێت گەیشتووە!
چەند ڕۆژ دواتر دیسان کەیوان پەیوەندی گرتەوە و وتی: “شتەکان بە فەرزاد گەیشتن، زۆر سڵاوی گەیاند، وتی چاوی ڕێبین ماچ دەکەم!” کە ئەمەی وت ئیتر دڵنیا بووم کە شعرەکانی پێ گەیشتووە. وای چەند دڵ خۆش بووم بەم هەواڵە! داخۆ دواتر ئەو شعرانە لە زیندان چییان بەسەر هاتبێ، بە دەستی کێ گەیشتبن؟!
بەهەر حاڵ لە درێژەی ئەو ساڵانەدا فەرزاد بە نووسینی نامەکانی زیندان، نەریت و ترادیسیۆنێکی لە خەباتی ڕۆژهەڵاتا داهێنا کە بێ وێنە بوو. ترس و سامی زیندانی شکان و هەر بەڕاستی سەلماندی کە شیاوی ناوی مامۆستایە. ئەمن خۆم بە خوێندنەوەی هەر نامەیەکی بە هەست و گیان و بە دەروون وەرم دەگرت، پێوەندییەکی رۆحی مینوویی بێ وێنە پێکهاتبوو. بە خۆم دەوت: وای مەزدا ئەهوورا! بشی ڕۆژێ فەرزاد ئازاد ببێ و ئەمن لە باوەشی بگرم و پێکەوە بدوێین و پێ بکەنین؟
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە ئەوەیە کە مامۆستا لە درێژەی خەبات و ئەزموونی تاڵ و ژاناوی زیندان دا لە سنووری حیزب و نەتەوەش واوەتر چوو و بوو بە دەنگێکی جیهانی واوەتر لە حیزب و ئیدیۆلۆژی و تەنانەت نەتەوەش.
لە درێژەی ئەم ڕەوشەدا دوو هەفتە بەر لەوەی کە لە سێدارە بدرێت خەوم پێوە بینی. ئەویش چ خەوێک، تاڵ و شیرین، سامناک و ڕەمزاوی. پڕهێما و پڕمانا. پێشبینی کارەساتێکی تاڵی دەکرد… تاڵ و تراژیک:
بەوپەڕی‌ تاسه‌وه‌ له‌ ئامێزم گرت، ماچم کرد و وتم :”چۆنی عه‌زیزه‌که‌ی له‌ دنیایه‌م!” ئەو هەر پێدەکەنی. له‌پڕ لەخەو ڕاچڵەکام‌ و خه‌ونه‌که‌م بۆخۆم ٌراڤە کرد. ئه‌وه‌ی من لەو خەوەدا به‌ فه‌رزادم وتبوو، وته‌ی عه‌بدولعه‌زیزی داسنی‌ بوو له‌ کاتی لاواندنه‌وه‌ سه‌یده‌وان دا. سه‌یده‌وانیش به‌یتێکی تراژیکه‌. شۆڕەسوار دەکوژرێ و لە خوێن دەگەوزێ. عەبدولعەزیزی داسنی بەسۆز و گریانەوە دەیلاوێنێتەوە و لە کۆتایی هەموو بەندەکان دا دەڵێ: “عەزیزەکەی لە دنیایەم!”
نوقمی بیر و خەیاڵ بووبووم. به‌ خۆمم وت خودا به‌ خێری وه‌گێڕێ، هه‌رچه‌ند ئەمن‌ ده‌مێک ساڵه‌ کە ئیتر بڕوام پێ نه‌ماوه‌…

لە لاپەڕەی کاک هادی موحەمەدی (Hedin) وەرگیراوە